close button
دەتەوێت بچیتە ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە؟
وادیارە بۆ دانانی ئەم لاپەڕەیە کێشەیەک هاتۆتە ئاراوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە بچۆ ناو وەشانی ئێران‌وایەرەوە
ڕاپۆرت

شیعەگەریی سیاسی چییە و ئێران چۆن بۆ پەرەپێدانی هەوڵ دەدات؟

۳۱ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
کاظم والی
خوێندنەوەی وتارە لە ۱۵ خولەکدا
سەرانی کۆماری ئیسلامی  بەردەوام بۆ پاساودانی ئامادەیی ناوچەیی خۆیان، پرسی "قووڵایی ستراتێژیک"یان وەک ئامرازی گوشار بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە.
سەرانی کۆماری ئیسلامی بەردەوام بۆ پاساودانی ئامادەیی ناوچەیی خۆیان، پرسی "قووڵایی ستراتێژیک"یان وەک ئامرازی گوشار بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەتی نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە.
بەئامرازکردنی شێعەگەریی لە سیاسەتی دەرەکیی ئێراندا، ڕێزبەندیی فیرقەیی و دەستەگەریی لە ڕۆژهەلاتی ناڤیندا قووڵ‌تر کردۆتەوە.
بەئامرازکردنی شێعەگەریی لە سیاسەتی دەرەکیی ئێراندا، ڕێزبەندیی فیرقەیی و دەستەگەریی لە ڕۆژهەلاتی ناڤیندا قووڵ‌تر کردۆتەوە.

مەبەست لە شیعەگەریی سیاسی کە زۆربەی شیکاران بە یەکێک لە ئامرازەکانی سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی  دەزانن، چییە؟ بۆچی کۆماری ئیسلامی هەوڵی پەرەپێدانی شێعەگەری دەدات لە ناوچەکە و تاوەکو ئێستا چیی کردووە بۆ ئەم مەبەستەی؟

***

شێعەگەری چۆن هاتە ناو ژیانی سیاسیی ئێرانەوە؟

شێعەگەریی سیاسی لە ئێران‌ بۆ یەکەم‌ جار لە ساڵی ١٥٠١ی زاینی‌دا لە لایەن شا "ئیسماعیل سەفەوی"یەوە دامەزرا. ئەو کات، شا ئیسماعیل سەفەوی ئیمپراتۆریای سونە مەزهەبە دراوسێکەی خۆی  بە مەترسی بۆ پاشایەتییەکەی دەزانی و تاقە ڕیگای ڕووبەڕووبوونەوەی بە شێعەگەری و درووست‌کردنی ناکۆکیی ئایدیۆلۆژیک و ئایینی لەگەڵ هاوتا تورکەکەی خۆی دەزانی.

هەر لەبەر ئەمە، شوناسی شێعەی ئێرانی لە لایەن دەسەڵاتی سەفەوی و بە یارمەتیی زانایانی شێعەی جبل عامل کە لە لوبنانەوە بۆ ئێران بانگهێشت کران، پێکهات و بە هۆی یارمەتییەکانی دەسەڵاتی سەفەوییەوە، زانایانی شێعە پێگە و ڕێزی تایبەتیان پەیدا کرد.

لەم سەردەمە زێڕینەی شێعەدا، شێعەگەری بە تەواوەتی بەسەر ژیانی ئایینی، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران‌دا زاڵ بوو و حوجرە زانستییەکان و دامەزراوەکانی سەر بەوان لە ڕێگەی کەڵک‌وەرگرتن لە دەسەڵات و داهاتی زۆری "خومس" و "زەکات"ەوە گەشانەوە. لەم خولەدا بوو کە ڕوحانییەتی شێعە پێگە و ڕێزی تایبەتی لە ناو توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادا پەیدا کرد و دواتر بەم دەسەڵاتەوە کە بە دەستیان هێنابوو، توانیان سەرکردایەتیی جەماوەری خەڵک بکەن و گرینگ‌ترین بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران بە ناوی خۆیانەوە تۆمار و ڕەنگ‌ڕێژ بکەن.

یەکەم شۆڕشی گرینگی مێژوویی بە سەرکردایەتیی ڕوحانیەتی شێعە، بە فەتوای ئایەتوڵا "میرزا حەسەن شیرازی" لە بایکۆت‌کردنی تووتن و تەماکۆ یان "بزووتنەوەی تەماکۆ" لە ساڵی ١٨٩٠ (١٣٠٨) بە دژی دانی ئیمتیازی پاوانکراوی بازرگانیی تووتن و تەماکۆ لە ئێران‌دا دەستی پێ‌کرد کە بۆ ماوەی ٥٠ ساڵ درابووە کۆمپاناری "تالبووت"ی ئینگلیزی لە لایەن "ناسرەدین قاجاڕ"ەوە.

یەکێکی‌تر لە گرینگ‌ترین بزووتنەوە سیاسییەکانی مێژووی هاوچەرخی ئێران، "بزووتنەوەی مەشرووتە" (١٢٨٤-١٢٨٨)یە کە لە لایەن "سەید محەمەد تەباتەبایی" و "سەیدعەبدوڵا بێهبەهانی" کە ئەو کات مەرجەعی تەقلیدی شێعە لە ئێران‌دا بوو، سەرکردایەتی کرا. جگە لەوە شێخوسەلام "محەمەدحسێن نائینی" مەرجەعی تەقلیدی شێعەکان لە نەجەف پشتیوانیی لێ‌کرد.

لە "بزووتنەوەی نەتەوەیی‌کردنەوەی پیشەسازیی نەوت" لە ساڵی ١٣٢٩یش‌دا "سەیدئەبولقاسم کاشانی"، سیاسی و زانای شێعە و نوێنەری خەڵکی تاران لە مەجلیسی شوورای نەتەوەیی لە سێ خول‌دا، دەوری گرینگی گێڕاوە. پەسەندکردنی نەتەوەیی‌کردنەوەی پیشەسازیی نەوت لە ئێران‌دا لە لایەن ئەوەوە بووە هۆی پشتیوانیی زانا گرینگەکانی شێعە و خەڵک لەو سەردەمەدا.

بەڵام خاڵی وەرچەرخانی دەسەڵات و هەژموونی شێعەگەری، شۆڕشی ئیسلامی ١٣٥٧ بوو کە لووتکەی هەژموون و دەسەڵاتی ڕوحانیەتی شێعە بوو لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران‌دا؛ شۆڕشێک کە ڕوحانیەتی شێعەی لە دەورە نەریتی وشیارکەرەوە و ڕێکخستنی بزووتنەوە جەماوەرییەکان گۆڕی بۆ سەرکردایەتی و لە کۆتایی‌دا ئاڵتێرناتیڤی شا و هەر لەبەر ئەم هەژموونە بەهێزەی لە ناو جەماوەری کۆمەڵگادا، ڕوحانیەت بە سەرکردایەتیی "ڕوحوڵا خومەینی"یەوە توانی کۆی هێزەکان و حیزبە شۆڕشگێڕەکان لە ڕووبەری سیاسیی ئێران دوور بخاتەوە و بە هەیمەنەی تەواوەتییەوە دەسەڵات بە دەستەوە بگرن.

شیعەگەری کەوتۆتە کوێی سیاسەتی دەرەکیی ئێرانەوە؟

دوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە لە ساڵی ١٣٠٤ لە لایەن "ڕەزا شا"وە لە ئێران‌دا، شوناسی ئێرانی بەپێی دوو بنەما بنیات نرا؛ زمان و کولتووری فارسی وەک شوناسی مێژوویی و ئایینی شێعەگەریی ١٢ ئیمامیی "جەعفەری" وەک شوناسی ئایینی.

شێعەگەرییەک کە لە ئێران‌دا پاشخانێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەبوو، لە ڕێگەی بەکارهێنانی پێگەی زانا شێعە ئێرانییەکانەوە لە حوجرە ئایینییەکانی عێراق و ئێران‌دا، بوو بە ئامرازی سەپاندنی هەژموونی سیاسی. ترۆپکی ئەم بەکارهێنانە ئامرازییە و گۆڕینی بە دەسەڵاتی نەرم لە سیاسەتی دەرەکی‌دا، دوای شۆڕشی ئیسلامیی ١٣٥٧ بە ئاشکرا خۆی دەرخست؛ شۆڕشێک کە ڕوحانیەتی شێعەی بە دەسەڵات گەیاند، شێعەگەریی سیاسی و جیهان‌بینیی دەوڵەتی ئیسلامی هاوبەست لەگەڵ چەمکی ویلاتەی فەقیەی بە جیهان پێشکەش کرد و ئێرانی کردە ناوەندی شێعەگەریی لە جیهان‌دا.

لەم جیهان‌بینییەدا، ئەرکەکان و بەرپرسیارێتییەکانی دەسەڵاتدارێتیی ئیسلامی کورت ناکرێتەوە بۆ سنوورە جوگرافیاییەکان و خاوەن ڕەهەندێکی یونیڤێرساڵ و پەڕگیرە. لە تیۆری ویلایەتی فەقیەدا، چەمکی بەرپرسیارێتی بەرامبەر موسوڵمانان بە سەرکردایەتیی مانایی و سیاسیی وەلی فەقیهەوە گرێدراوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران تاقە سیستمێکە لە یاسای بنەڕەتییەکەی‌دا دەستێوەردان لە باقیی کاروبارەکانی وڵاتان‌دا وەک بەشێک لە ئەرکەکانی وەزارەتی دەرەوە بە ناوی یارمەتی و هاریکاریی "هەژاران/موستەزعەفین" دەست‌نیشان کراوە.

هەڵبەت سیاسەتی دەرەکیی ئێران دوای شۆڕش ناکرێت کورت بکرێتەوە بۆ یەک بۆچوون و یەک گوتار. لە حاڵێک‌دا کە گوتاری "شێعەگەریی سیاسی" بنەڕەتە شۆڕشگێڕانەکانی ڕۆحوڵا خومەینی بەردەوام لە لایەن بەرپرسان و ئیدارە حکوومەتییەکان، ڕێکخراوی پڕوپاگاندای ئیسلامی و دەنگ‌وڕەنگەوە تەرویج دەکرا بەڵام بە کرداری، "مەسڵەحەتی سیستم" یان پاراستنی سیستم لە سەرووی هەموو شتێکەوەیە و وەک دەڵێن ئەوجەبی واجباتە.

لە ڕێگەی ئەم چەمکەوە، تەنانەت ڕوحوڵا خومەینی، دامەزرێنەری وەلایەتی فەقیە و یەکەمین سەرکردەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران کە لە ڕقئەستووری و پێداگری لەسەر خەونەکانی شۆڕشی ئیسلامی‌دا باناوبانگ بوو لە نموونەگەلێک‌دا ڕێگای مەسڵەحەت و تەقییەی گرتبە بەر. یەکێک لە بەناوباگ‌ترین پاشەکشێکانی، قبووڵ‌کردنی بڕیارنامەی ٥٩٨ی شوورای ئەمنییەت و ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەگەڵ عێراق‌دا بوو؛ ئاگربەستێک کە خومەینی بە "جامی ژەهر" شوبهاندی. مەسڵەحەتی سیستم لە ڕێکەوتنی بەرجام لە نێوان ئێران و ولاتی ١+٥ لە ساڵی ٢٠١٥یش‌دا وەک "نەرمشی قارەمانانە" لە لایەن "عەلی خامنەیی"، ڕێبەری ئێستای شۆڕشی ئیسلامییەوە پێناسە کرا.

تیۆری هیلالی شێعە چی بوو؟

فۆتۆگرافەر ئەنوەر عومەرو، سەرچاوە: گێتی ئیمەیجز
فۆتۆگرافەر ئەنوەر عومەرو، سەرچاوە: گێتی ئیمەیجز

لە دێسەمبەری ٢٠٠٤دا، "مەلیک عەبدوڵا"، پاشای ئۆردۆن باسی پێکهاتنی "هیلالی شێعە"ی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەراستی کرد. ئەو هۆشداریی دا کە سەرهەڵدانی ناوەختی هیلالی شیعی کە لە ئێرانەوە دەست پێ‌دەکات و بە عێراق و سووریادا تێدەپەڕێت و دەگاتە باشووری لوبنان، ئەنجامەکەی دەبێتە تێکدانی هاوسەنگیی نەریتیی دەسەڵات لە ناوچەکە و لە دەرەنجام‌دا ڕۆژهەلاتی ناڤین بەرەو جەنگێکی فیرقەیی تەواو دەبات.

ئەو شکڵ‌گرتنی هیلالی شێعە بە یەکێک لە دەرەنجامەکانی خستنی "سەدام حسێن"، سەرۆک کۆماری پێشووی عێراق لە لایەن ئەمریکا و بە دەسەڵات‌گەیشتنی هاوپەیمانانی ئێران لە عێراق‌دا ناودێر کرد. خستنی سەدام حسێن لە سەر دەسەڵات، عێراقی لە دوژمن و ڕکابەری ناوچەییەوە گۆڕی بۆ هاوپەیمانیی ئێران و ڕێگای بۆ شکڵ‌گرتنی هیلالی شێعەی بۆ کردنەوە.

ئایا کۆماری ئیسلامی لە هاوڕێ‌کردنی شێعەکانی ناوچەکە لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی‌دا سەرکەوتوو بووە؟

لە سیاسەتی دەرەکی‌دا، کۆماری ئیسلامی کەڵک لە پێنج فاکتەری ئایینی شیعەگەری، توانای مووشەکی و درۆن، هێزە نیابەتییەکان، گوتاری شۆڕشگێڕانەی دژە ئیسڕایلی-ئەمریکایی و سەبری ستراتێژێک بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی خۆی وەردەگرێت. بەڵام گرینگ‌ترین فاکتەر لەم نێوەندەدا، ئایینی شێعەگەرییە.

کۆماری ئیسلامی لە چوار دەیەی ڕابردوودا هەموو هەوڵی خۆی خستنە گەر بۆ سەرکردایەتی‌کردنی شێعەکانی جیهان و سەرکەوتوو بووە لەوەدا کە ئاپۆڕایەکی بەرینی شێعەکانی وڵاتانی عەرەبی کە زیاتر کەمینەن، لەگەڵ خۆی بخات.

پشتیوانیی دارایی و مەعنویی ئێران لەم گرووپانە بووە هۆی سەرهەڵدانی ژمارەیەک ڕێبەری ئایینی و سیاسی لەم کۆمەڵگایانەدا کە لە ڕێگەی یارمەتییەکانی ئێرانەوە توانیان گرووپ‌گەلی سیاسی و میلیشیایی پێک‌بهێنن و ببنە یەکێک لە لایەنەکانی دەسەڵات لەم وڵاتانەدا.

"حیزبوڵا"ی لوبنان بە یەکێک لە گرینگ‌ترین هێزە نیابەتییەکانی ئێران دادەنرێت کە توانی لە وڵاتێک‌دا بە ١٨ فیرقەی ئایینییەوە و لە گەرمەی جەنگی ناوخۆیی و داگیرکردنی لوبنان‌ لە لایەن ئیسڕایلەوە لە ساڵی ١٩٨٢ (١٣٦١)دا دابمەرزێت.

لە ڕاستی‌دا، خەباتی حیزبوڵا بە دژی ئیسڕایل کە لە دواجاردا بە دەرچوونی ئیسڕایل لە باشووری لوبنان کۆتایی هات، ڕەوایەتیی بونی حیزبوڵا و چەکەکەی زامن کرد و گۆڕای بۆ بە هێزترین هێزی سەربازی-سیاسی لە لوبنان‌دا.

ئێران هەوڵی‌دا کە لە باقیی وڵاتانی دیکەیش‌دا مۆدێلی حیزبوڵای لوبنان دووپات بکاتەوە بەڵام تاکوو ئێستا هیچ گرووپێک لە گرووپە نیابەتییەکانی‌تری کۆماری ئیسلامی نەیانتوانیوە ببنە دەسەڵاتێکی سیاسی- ئایینیی وەک حیزبوڵای لوبنان.

لە سووریادا، شێعەکان یەکێک لە بچووک‌ترین کەمینە ئایینییەکانن کە هەژموونە کۆمەڵایەتییەکەیان زۆر بەرتەسک و سنووردارە. تەنانەت سیاستەکانی برەودان بە شێعەگەری کە دوای هاتنە سەر کاری "بەشار ئەسەد" لە ساڵی ٢٠٠٠دا لە لایەن ناوەندە کولتوورییەکانی ئێرانەوە بە تێچوویەکی زۆرەوە بەڕێوە چوون، نەیانتوانی حەشیمەتی شێعەکانی سووریا بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.

لە بەحرەین‌دا، "حەشیمەتی ویفاقی نەتەوەیی ئیسلامی" گەورەترین حیزبی سیاسیی شێعە بوو کە توانیبووی لە ساڵی ٢٠١ و بە سەرکردایەتیی ڕووحانیی شێعە، "عەلی سەلمان"، ١٨ کورسی لە ٨٠ کورسیی پەرلەمانی بەحرەین بە دەست بهێنێت. بەڵام لە کۆتایی‌دا و پاش ڕووداوەکانی ناسراو بە "بەهاری عەرەبی"، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی ئەم گرووپە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ خستنی دەوڵەت و سیخوڕی‌کردن بۆ ئێران و قەتەر دەستگیر و ڕەوانەی زیندان کران.

لە یەمەن‌دا، گرووپی شێعەی زەیدیی "حوسی" کە ساڵانێک بوو بە دژی دەوڵەتی ناوەندیی سەنعا شۆڕشی چەکدارانەیان دەکرد، تیوانیان لە ساڵی ٢٠١٤دا پایتەختی ئەم وڵاتە داگیر بکەن و دەوڵتی خۆیان دابمەزرێنن. بەڵام کۆمەڵگای جیهانی دەوڵەتەکەیانی بە فەرمی نەناسی و پشتیوانیان لە دەوڵەتەکەی "عەبدربە منسوورهادی"، سەرۆک کۆماری یەمەن کرد کە دوای داگیرکردنی پایتەخت، کابینەکەی بۆ ڕیاز ڕاگواست.

گرووپی حوسی سەرەڕای کۆنتڕۆڵ‌کردنی سەنعا و چەند شاری دیکەی یەمەن، بەردەوام سەرقاڵی جەنگی ناوخۆییە لەگەڵ گرووپەکانی‌تری یەمەند‌دا و یارمەتییەکانی ئێران نەیانتوانیوە ببنە هۆکاری سەرکوتن و زاڵ‌بوونیان بەسەر یەمەن‌دا.

لە عێراق‌دا کە شێعەکان دەوری لە سەتا ٦٥ی کۆی حەشیمەتی ئەم وڵاتە پێک‌دەهێنن، ئامادەیی ئێران زۆر زەق و بەرچاوە. بەڵام بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری وەک حوجرەی زانستیی نەجەف کە دژی ویلایەتی فەقیهە، فرەیی مەرجەعەکانی شێعە و هەروەها ڕەهەندی شوناس و مێژوویی عێراق، پرسی سوڵتەی یەک حیزب یاخود گرووپێک کە بتوانێت مۆدێلی حیزبوڵای لوبنان لە عێراق‌دا پیادە بکات، نەکردە و نامومکینە و هەوڵەکانی ئێران بۆ یەکێتیی گرووپەکان و حیزبە سیاسییەکانی شێعە لە چوارچێوەی هاوپەیمانی و سەرکردایەتییەکی یەکەدا بەردەوام شکستی هێناوە.

لە مانگەکانی ڕابردوودا، کەلێنی قووڵی سیاسیی نێوان گرووپە شێعەکان پتر لە جاران دەرکەوتووە. هەوڵی ئەم گرووپانە بۆ دەسەڵات و هەژموونی زیاتر، ناڕەزایەتییە بەرینە جەماوەرییە دژە حیزبە سیاسییە باڵادەستەکان و هەروەها هەژموونی ئێران و فرەیی مەرجەعییەتی ئایینی لە هۆکارەکانی ئەم ناکۆکییانەن. ئەم ناکۆکییانە لە "حەشدی شەعبی"دا کە بڕیار بوو بەپێی گوتەی "فاتێع ئەلفەیاز"، بەرپرسی گرووپی حەشدی شەعبی، ببێتە نموونەیەکی وەک سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ئێران لە عێراق‌دا تەشەنەی کرد و حەشدی کردە سێ کەرت بە سێ مەرجەعی ئایینییەوە: "حەشدی عەتەبات" بە مەرجەعیەتی "عەلی سیستانی" و هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی دەوڵەت و لە ژێر فەرمانی فەرماندەی هەموو هێزەکانی عێراق، "حەشدی ویلایی" شوێنکەوتوو و موقەلدی عەلی خامنەیی و "سەرایائەلسەلام" ملکەچ و پێڕوی "موقتەدا سەدر."

فۆتۆگرافەر ئەنوەر عومەرو؛ سەرچاوە: گێتی ئیمەیجز
فۆتۆگرافەر ئەنوەر عومەرو؛ سەرچاوە: گێتی ئیمەیجز

جامێعای ئەلموستەفائەلعالمییە چییە و چ دەورێکی لە پەرەدانی شێعەگەری‌دا هەیە؟

شێعەکانی ئێران و باقیی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناڤین لە فاکتەرگەلێکی وەک شوناسی ئایینی، مەرجەعییەتی ئایینی، ئایینەکان و کولتوورە ئایینەکان و هەروەها ڕێبەرانی ئایینی‌دا مێژوویەکی هاوبەشیان هەیە. لە ڕووی مەرجەعییەت و سەرکردایەتییەوە، زۆرینەی ڕوحانییە بەرجەستەکانی شێعە بە ڕەچەڵەک ئێرانین و ئەمە بۆتە هۆی ئەوەی جۆرێک هێژێمۆنیی فارسی و ئێران‌تەوەری بە سەر سەرکردایەتیی شێعەکان‌دا زاڵ بێت و ئەولەویەتی مەرجەعیەتی ئایینی بخاتە پاوانی خۆیەوە.

ناوەندە ئایینئییە سەرەکییەکانی جیهانی شێعەگەری، واتە نەجەف و قوم بەردەوام لە ژێر دەسەڵات و هەژموونی ڕوحانییەتی شێعەی ئێرانی‌دا بوون و ئەمە لە ژێر دەسەڵاتی مەرجەعی تەقلیددا بۆ شێعەکانی جیهان‌ دەورێکی بەرچاوی هەبووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕشی ئیسلامی لە ساڵی ١٩٧٩ (١٣٥٧)دا بە سەرکردایەتیی ڕوحانییەتی شێعە لە ئێران‌دا، چەمکێکی نوێی لە سەرکردایەتی و ڕێبەرایەتی لە ژێر ناوی "ویلایەتی فەقیە" لە جیهانی شێعەدا هاتە ئاراوە.

لە ویلایەتی فەقیەدا، "ئومەت" لە باتی چەمکی "خەڵک" پێناسە کراوە و ئەم چەمکە کۆی موسوڵمانانی جیهان دەگرێتەوە. هەر بەم پێیە، وەلیی فەقیە، وەلی ئەمری سەرجەم موسوڵمانانی جیهانە.

هەر لەم پێوەندەدا و لە ئاراستەی ڕێبەراتیی جیهانی ئیسلام‌دا، دەوڵەت و ناوەندەکانی سەر بە بەیتی ڕێبەری لە ئێران‌ سەرمایەگوزاریگەلێکی گەورەیان بۆ پێشخستنی ئامانجەکانی شۆڕشی ئیسلامی و زاڵ‌کردنی هەژموونی ویلایەتی فەقیە لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران لە ئەستۆیە. حوجرە ئایینییەکانی شێعە، ناوەندە سەرەکییەکانی پێناسە و پەرەدانی گوتاری شۆڕشی ئیسلامی و تیۆری ویلایەتی فەقیە و هەروەها پەروەردە و ڕاهێنانی ڕوحانیی ئێرانی و بیانین بە پێوەرە دیاری‌کراوەکان لە لایەن ئەم ناوەندانەوە.

گرینگ‌ترین دامەزراوە ئایینییەکانی شێعەکانی جیهان یان حوجرە زانستییە ئایینەییەکانی شێعەکان لە شاری نەجەف و شاری قوم‌دا هەڵکەوتوون. بەڵام حوجرەی ئایینیی نەجەف بە هۆی هەبوونی حەرەمی "ئیمام عەلی" (ئیمامی یەکەمی شێعەکان) لەم شارە و پاشخانە مێژووییەکەیەوە، پێگەیەکی جیاوازی لە چاو باقیی حوجرە ئایینییەکانی‌تری شێعە هەیە. جگە لەمە دیارترین مەرجەعەکان و ڕوحانییە شێعەکان لەم حوجرەدا خوێندوویانە.

بەڵام شۆڕشی ئیسلامی کە بوو بە هۆی بە دەسەڵات‌ گەیشتنی دەوڵەتی شێعە لە ئێران‌دا و هەروەها هەبوونی سیستمی "پان عەرەبیزمی سێکۆلار" لە عێراقی ئەو کات‌دا، گرینگایەتیی ناوەندە ئایینییە شێعەوییەکانی لە ئێران‌دا زیاتر لە جاران بەرجەستە و شاری قومی کرد منزڵگەی سەرەکیی قوتابییە شێعە بیانییەکان.

شۆڕشی ئیسلامیی ئێران و سەرەتا شۆڕشگێرانەکانی ڕوحوڵا خومەینی و هەروەها گوتاری دژە ئەمریکایی و دژە ئیسڕایلییەکەی پێگەی سەرکردایەتیی سیاسی و مەعنویی وەلیی فەقیە لەسەر شێعەکان و موسوڵمانانی جیهانی هێنایە ئاراوە و ئێرانی کرده قیبلەی ئیسلامیستە دژە ئیمپێریالیستەکان و ئیسڕایل.

هەر لەم پێوەندە و لە ئاراستەی بڵاو کردنەوەی فەلسەفەی ویلایەتی فەقیەدا، ناوەندە حەوزەوییەکانی شێعە لە ئێران‌دا کۆمەڵێک ڕێکاریان بۆ پەروەردە و ڕاهێنانی قوتابییە بیانییەکان دیاری کرد تا هانیان بدەن بە خۆڕایی لە ئێران‌دا بخوێنن.

یەکێک لەو ناوەندە گرینگانەی کە جەختی زۆری لەسەر دەکرێت بۆ پێشخستنی ئەم ئامانجە، "جامێعای ئەلموستەفا ئەلعالەمی"یە. جامیعای ئەلموستەفا بەستێنێکیی ئایینی شێعەیە کە لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی‌دا بە تێکەڵ‌کردنی "ڕێکخراوی حەوزەکان و قوتابخانە زانستییەکانی دەرەوەی وڵات" و "ناوەندی جیهانیی زانستە مرۆییەکان" بە فەرمانی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران پێکهات و ئامانجە سەرەکییەکەی ڕاهێنانی قوتابیان و تەڵەبە شێعە غەیرە ئێرانییەکانە.

قوتابییە شێعە بیانییەکان لەم ناوەندەدا بەهرەمەندن لە هەموو ئیمتیازەکانی ژیان و خوێندن لە ئێران‌دا هەر لە فێرگەی خۆڕایی، شوێنی حەوانەوە و چاودێرییە پزیشکییەکانەوە تا حەق‌دەستی مانگانە. تەڵەبە غەیرە ئێرانییەکان دوای کۆتایی‌هاتنی خولی خوێندنی حەوزەوی لە جامێعای ئەلموستەفا، لە ڕێ‌وڕەسمێک‌دا بەرگی ڕوحانییەتی شێعە لەبەر دەکەن و لە ناوەندەکان و لقەکانی جامێعای ئەلموستەفا لە ئێران و باقیی ناوچەکانی جیهان‌دا لە لەقە جۆراوجۆرە حەوزەوییەکان‌دا وانە دەڵێنەوە.

جامێعای ئەلموستەفا ١٧٠ لقی لێ‌دەبێتەوە و لە ٦٠ وڵاتی جیهان‌دا تیم و گرووپی ڕاهێنان و پەروەردەی هەیە. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم ناوەندە، پتر لە ٥٠ هەزار قوتابیی ژن و پیاو لە ١٢٢ وڵاتی جیاوازی جیهان تێی‌دا دەخوێنن کە زیاتر لە ٢٥ هەزار کەسیان لەم قوتابخانەدا خوێندنیان تەواو کردووە.

جامێعای ئەلموستەفا خاوەن دوو هەزار و ٥٠٠ لێژنەی زانستییە و پتر لە ١٥٠ بەرنامەی پەروەردە و ڕاهێنانی هەیە و پاش هەشت ساڵ لە دامەزراندنی، زیاتر لە چوار هەزار ماڵپەڕ و وێبلاگ و ٣٠٠ ڕۆژنامە و گۆڤاری بە ٤٠ زمانی جۆراوجۆری جیهان وەڕێ خستووە.

بوجەی ساڵانەی ئەم ناوەندە ئایینییە لە خشتەی بوجەی ساڵانەی دەوڵەت دابین دەکرێت و هەموو ساڵێک بەپێی بەرزبوونەوەی ڕادەی هەڵاوسانی سەرانەی وڵاتەکە، بوجەی ئەم ناوەندە زانستییەیەیش زیاد دەکرێت.

پشکی جامێعای ئەلموستەفا لە بوجەی ١٤٠١دا، لە سەتا ٢٤ زیادی کردووە و ٥٧٦٠٩ میلیارد تمەن دیاری کراوە.

جامێعای ئەلموستەفا و ١٠ ڕێکخراو و ناوەندیی پەروەردە، خێرخوازی و تەبلیغی لە ساڵی ١٤٠٠ هەتاوی‌دا، شەش هەزار و ٣٧٧ میلیارد تمەنی لە دەوڵەت وەرگرتووە.

سەرچاوە: تجارەت نیووز
سەرچاوە: تجارەت نیووز

ئایا شێعەگەریی سیاسیی بەرەو لەناوچوون دەڕوات؟

بەئامرازکردنی شیعەگەری لە سیاسەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیدا بەتایبەتی لەپاش شۆڕشی ئیسلامی و بەدەسەڵات گرتنی ڕوحانیەتی شیعە لەو وڵاتەدا، ڕێزبەندیی فیرقەیی لە ڕۆژهەلاتی ناڤین قووڵ‌تر کردۆتەوە. ئەمەش لە کۆمەڵگای فەرچەشن و فرە کولتوور، ئێتنیکی و ئایینی‌دا دەبێتە هۆی لاوازبوونی چەمکی نیشتمان و نیشتمان‌دۆستی، هەروەها پێوەندیی تاک و کۆمەڵگا دەگۆڕێت بە پەیوەندییەکی نەریتی لە شێوەی یەکەیەکی کۆمەڵایەتیی هاوبەش.

ئەم کەشە بێ‌متمانە و پڕ لە ترسە لە وانی‌تر لە کۆمەڵگادا، کەمینەکانی ناچار کرد بەرگری لە پاراستنی پێگە و باڵادەستیی خۆیان و بەهاکان و شوناس و زۆرینەکەیان بکەن. هەرچەند کۆماری ئیسلامی توانی هێزێکی نیابەتیی سیاسی- سەربازی لە چەند وڵاتی ڕۆژهەڵاتی ناڤین‌دا دابمەزرێنێت بەڵام ئەم ستراتیژە لەم ماوەیەدا کاردانەوەی نەرێنیی هێزە جەماوەرییەکانی لە عێراق، یەمەن و لوبنان‌دا لێکەوتەوە و بزووتنەوە جەماوەرییەکان لە عێراق و لوبنان‌دا خوازیاریی کۆتایی‌هێنان بوون بە دەستێوەردانەکانی ئێران لەم دوو وڵاتەدا.

لە عێراق‌دا، ناڕازییان ئاڵای ئێران و چەندین جار کۆنسولخانەکانی ئەم وڵاتەیان لە بەسرە، کەربەلا و ناسرییەدا سووتاند. سەرباری ئەمە، چڕبوونەوەی کۆماری ئیسلامی لەسەر هێزە نیابەتییەکانی دەرەوەی سنوورەکانی و تێچوە سیاسی، دارایی و ئابوورییەکانی ئەم دەستێوەردانانەی بووە هۆی سەرهەڵدانی جیلێکی نوێ بە بیروباوەڕیی دژی شێعە و دژە کۆماری ئیسلامی لە ئێران‌دا. ئەم جیلە نوێیە لە ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەم ساڵانەی دوایی‌دا بە دژی سیاستە ناوچەییەکانی ئێران دروشمی "نە غەزە، نە لوبنان"یان وتەوە. ئەم دروشمە کاردانەوەی تووندی عەلی خامنەیی لێکەوتەوە کە لەم بارەوە وتی: "ئەو فریودراوانەی کە دروشمی نە غەزە و نە لوبنانیان وتۆتەوە، گیان، خۆشگوزەرانی و بەرژەوەندییەکانی خۆیان نەکردۆتە فیدای وڵاتەکە بەڵکوو ئەمە سلێمانییەکان بوون کە بەرگرییان لە ئێران کرد."

سەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەردەوام بۆ پاساودانی ئامادەیی ناوچەیی خۆیان، پرسی "قووڵایی ستراتێژیک"یان وەک ئامرازی گوشار بۆ دابین‌کردنی ئەمنییەت و تەناهیی نەتەوەیی هێناوەتە ئاراوە، لە کاتێک‌دا ئەم ئامادەییە ناوچەییە لە لایەک دەبێتە هۆی تووندبوونەوەی گەمارۆ ئابوورییەکان، ئێزۆلەبوونی ناوچەیی و نێونەتەوەیی و هەروەها ناڕەزایەتیی گشتیی دژی سیاسەتە گشتییەکانی دەوڵەت.

ئەم ناڕەزایەتییە گشتیانە بە دژی سیاستە دەرەکییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانی ئێرانن کە تێیان‌دا دەسەڵاتیان هەیە زەق و بەرچاون. ئیدارەدانی خراپی ئابووری، هەژاری و گەندەڵیی بەرینی بەرپرسانی سیاسی لە عێراق و لوبنان بوونەتە هۆی ئەوەی خەڵکی ئەم دوو وڵاتە دەستێوەردانەکانی ئێران و پشتیوانییەکانی لەم وڵاتانە به هۆکارەکانی دواکەوتوویی خۆیان بزانن. لوبنان کە کاتی خۆی بە بووکی ڕۆژهەڵات بەناوبانگ بوو و بە ناوەندی کولتوور و ئەدەب و گەورەترین ناوەندی چاپی کتێب دادەنرا لە جیهانی عەرەب‌دا، خراپ‌ترین قەیرانی سیاسی و ئابووریی مێژووی خۆی ئەزموون دەکات. عێراقیش کە چاوەڕوان دەکرا سەرباری هەبوونی سەرچاوە بەرینەکانی نەوت و گاز، زەوییە بەپیتەکان و هێزی کارە گەنجەکەی، دوای ١٨ ساڵ ببێتە وڵاتێکی ڕوو لە گەشە، جەنگی فریقەیی و تایفی لە ساڵی ٢٠٠٦دا، داگیرکردنی پارێزگا ڕۆژاواییەکانی لە لایەن "داعش"ەوە لە ساڵی ٢٠١٤دا، ئیدارەدانی خراپ و گەندەڵیی بەرینی لێپرسراوەکانی، کردیە وڵاتێکی ڕانتیی کە تاقە بەرهەمە هەناردەکراوەکەی نەوتی خاوە. لە ڕاستی‌دا، ئابووری تەوەری سەرەکیی دژایەتییەکانی خەڵکی ئێران، لوبنان و عێراقە بە دژی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئێران.

لە ئێران‌دا، کەلێنی نێوان خەڵک و سیستمی کۆماری ئیسلامی هێندە گەورە بۆتەوە کە گەڕەراندنەوەی متمانەی گشتی بۆ ئەم سیستمە کە توانای چاکسازیی تێ‌دا نییە، گەلێک زەحمەتە و پێویستی بە گۆڕانێکی بنچەینەیی هەیە.

لە ناوچەکەیش‌دا هاوپەیمانانی ئێران بە هۆی ئیدارەدانی خراپی ئابووری و گەندەڵیی بەرینەوە، چیتر وەک جاران توانای ڕێخستنی خەڵکیان لە ژێر ناوی شێعەگەری‌دا نەماوە. ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان لە عێراق‌دا بە دژی حیزبە شێعە عێراقییە هاوپەیمانەکانی ئێران و دەستێوەردانەکانی کۆماری ئیسلامی لەم وڵاتەدا بۆتە هۆی پشت‌تێهەڵ‌کردنی خەڵک لەم گرووپانە و هەر ئەم بێ‌متمانەییە جەماوەرییە بۆتە هۆکاری ئەوەی گرووپە شێعە هاوپەیمانەکانی ئێران لە هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی پەرلەمان‌دا شکستێکی قورس بهێنن و زۆربەی کورسییە پەرلەمانییەکانیان لە دەست داوە.

لەو هەڵبژاردنەدا، "هاوپەیمانیی سائیروون" بە سەرکردایەتیی سەدر توانی ٧٣ کۆرسی لە ٣٢٩ کورسیی پەرلەمانی عێراق بە دەست بهێنێت و وەک گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بناسرێت.

موقتەدا سەدر، ڕوحانیی بە دەسەڵاتی شێعەی دژبەری دەستێوەردانی دەرەکی لە عێراق‌دا، خوازیاری پێکهێنانی دەوڵەتی زۆرینەی نەتەوەیی، بیناکردنەوەی حەشدی شەعبی و دەرکردنی گرووپە میلیشیاییە یاساشکێنەکانی ئەم هێزە سەربازییەیە. ئەو چەندین جار لە ڕێگەی کۆمەڵێک تووییتی کورتەوە لە ژێر ناوی "نە ڕۆژهەلات نە ڕۆژاوا، دەوڵەتی زۆرینەی نەتەوەیی"، هەڵوێستی خۆی لە پێوەندی‌دا بە دەوڵەتی داهاتووی عێراقەوە دیاری کرد.

چاودێرانی پرسە سیاسییەکان لە عێراق‌دا پێیان‌وایە مەبەستی موقتەدا سەدر لە نە ڕۆژهەڵات، نە ڕۆژاوا، ئێران و ئەمریکایە. 

ئەوان لەو باوەڕەدان کە موقتەدا سەدر بە نیازە لە ڕێگەی کوردەکان، سونەکان و شێعەکانی هاوتەریب لەگەڵ سیاسەتەکانی خۆی‌دا کار بکات لەسەر تەریک‌خستنەوەی گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران و کاڵ‌کردنەوەی دەوری کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕووبەری سیاسیی داهاتووی عێراق‌دا.

موقتەدا سەدر ئەم پەیامەی پاش دوایین دیداری لەگەڵ "ئیسماعیل قائانی"، فەرماندەی سپای "قودس" کە بۆ ڕازی‌کردنی ئەو بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی شێعەی یەکگرتوو سەردانی نەجەفی کردبوو، سەر لە نوێ تووییت کردەوە.

چاودیڕانی پرسە سیاسییەکانی عێراق دووپات‌کردنەوەی ئەم توییتە بە پێداگریی موقتەدا سەدر لەسەر هەڵویستە پیشووەکەی و ڕەت‌کردنەوەی پێشنیارەکەی ئێران دەزانن.

توییتەکەی موقتەدا سەدر
توییتەکەی موقتەدا سەدر

شکستی هاوپەیمانانی ئێران لە هەڵبژاردنی ئەم دواییانەی عێراق‌دا بۆتە هۆی ئەوەی کە ئیسماعیل قائانی بۆ یەکخستنەوەی گرووپە شێعە عێراقییەکان و ڕازی‌کردنی کوردەکان بۆ پشتیوانی‌کردن لە هاوپەیمانییەکی شێعەی یەکگرتوو، چەندین جار بۆ عێراق سەفەر بکات. بەڵام پێ‌دەچێت ئێران تاکوو ئێستا نەیتوانیبێت پشتیوانیی موقتەدا سەدر و کوردەکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتێکی پەڕگیر بە ئامادەبوونی هاوپەیمانییەکیی شێعەی یەکگرتوو وەربگرێت.

"هاوپەیمانیی فەتح" بە سەرۆکایەتیی "هادی عامری"، گرینگ‌ترین هاوپەیمانی ئێران لە عێراق کە لە هەڵبژاردنی ڕابردوودا ٤٨ کورسیی بە دەست هێنابوو، لەم هەڵبژاردنەدا تەنیا توانی ١٧ کورسی بە دەست بهێنێت.

ئەگەر موقتەدا سەدر بتوانێت هاوپەیمانیی فەتح و باقیی گرووپە هاوپەیمانەکانی ئێران لە دەوڵەتی داهاتووی عێراق بێ‌بەش بکات، دەبێتە هۆی کەم‌بوونەوەی هەژموونی ئێران و ئامادەیی زیاتری وڵاتانی وەک سعوودیا، ئیمارات و تورکیا.

ئەمە تەنیا لە کاتێک‌دا ڕوو دەدات کە هاوپەیمانیی پیشنیار کراوی موقتەدا سەدر لەگەڵ سونەکان، کوردەکان و نوێنەرانی سەربەخۆدا پێک‌بێت و هاوپەیمانی سائیرون بە سەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر، سەرۆک وەزیری پیشنیارکراوەکەی خۆی بە شیوەی سەربەخۆ هەڵببژێرێت.

 

تێبینییەکەت بنووسە

هەواڵ

یۆنان دەست بەسەر کەشتییەکی ڕووسیی هەڵگری نەوتی ئێراندا دەگرێت

۳۱ خاکەلێوەی ۱۴۰۱
خوێندنەوەی وتارە لە ۱ خولەکدا
یۆنان دەست بەسەر کەشتییەکی ڕووسیی هەڵگری نەوتی ئێراندا دەگرێت