کوردستان؛ لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٧ کۆڵبەر کوژران و بریندار بوون

لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لانیکەم ١٧ کۆڵبەر لە پارێزگاکانی کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، تەقینەوەی مین و ڕەقبوونەوە لە سەرما، کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، تەنیا لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا لە سنووری نەوسوود ١٣ کۆڵبەر بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم بریندار بوون. کۆڵبەرنیوز ناسنامەی دە کەس لەم کۆڵبەرانەی بەمشێوەیە پشتڕاست کردووەتەوە:
“ئیحسان نەزەری”، “مەتین حوسەینی”، “محەممەد مەحموودی”، “محەممەد یوسفی”، “یاسین (ناوی تەواوی نەزانراو)”، “ئومید شەمس”، “سامان ڕۆستەمی”، “شێرکۆ حەبیبی” و “غوڵام فەیزی”.

هەروەها ئێوارەی دوشەممە ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، هێزە سنوورییەکانی عێراق (حرس‌الحدود) لە سنووری بیارە لە هەرێمی کوردستان و نەوسوود ١٢ کۆڵبەریان دەستبەسەر کردووە.

ناسنامەی ئەم کۆڵبەرانە “ئەنسار مەحموودی”، “پەیمان ڕەحمانی”، “ئیرەج مەحموودی”، “شایان نەجەفی”، “قانع ڕۆستەمی”، “ئارام نەزەری”، “سەیوان ڕەحیمی”، “ئاریان وەیسی”، “یونس تورابیفەر” و هەروەها سێ کۆڵبەری تر بە ناوەکانی “ئارمان”، “ئیسار” و “نازار” کە ناوی تەواوەتیان هێشتا نەزانراوە و خەڵکی ئاوایی دەوانی سەر بە شاری پاوەن، ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی سێ شەممە ٧ی خاکەلێوە، هێزەکانی هەنگی مەرزی ڕژیم لە سنووری بانە، گروپێک لە کۆڵبەرانیان دایە بەر دەستڕێژی فیشەک و بەم هۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی “جەبار نادری”، ٣٧ ساڵە و خەڵکی مەریوان قاچی پێکراوە و بریندار بووە. ئەم کۆڵبەرە خێزاندارە و خاوەنی مناڵێکی ساوای یەک ساڵانە.

هاوکات تەقینەوەی مین لە سنووری سەردەشت دوو کۆڵبەری تری بریندار کرد. بە پێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژی سێ شەممە ٧ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، بە تەقینەوەی مین لە بەرزاییەکانی “بوڵفەت” لە سنووری سەردەشت دوو کۆڵبەر بە ناوەکانی “ڕەئووف ئەحمەدی” ٣٩ ساڵە، خەڵکی ئاوایی “زووران” و “جەبار ئەحمەدزادە” ٢٨ ساڵە و خەڵکی ئاوایی “کونەمشکێ”ی سەر بە شاری سەردەشت، بە خەستی بریندار بوون. ڕەئووف ئەحمەدی تووشی لە دەستدانی قاچی بووە و جەبار ئەحمەدزادەش برینەکانی قووڵن.
“سەعید سەلووسی” کۆڵبەری خەڵکی پیرانشاریش کە لە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣دا دیار نەمابوو، بە هۆی سەرماوە گیانی لە دەست دا. پەیکەری ئەم کۆڵبەرە ڕۆژی چوارشەممە ٨ی خاکەلێوە دوای دوو ڕۆژ گەڕان، دۆزرایەوە.

کۆڵبەرنیوز پێشتریش لە ڕاپۆرتێکی تردا، ژمارەی کۆڵبەرانی کوژراو و برینداری لە سەرەتای ساڵەوە تا ٦ی خاکەلێوەی ١٤٠٣ دە کۆڵبەر ڕاگەیاندبوو.
بە پشتبەستن بەو ئامارانەی لە ساڵی ١٤٠٢ی هەتاوی لە کۆڵبەرنیوز تۆمارکراون، بە گشتی ٤٤٤ کۆڵبەر لە ناوچە سنووریەکان و ڕێگاکانی نێوان پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان بەهۆی هۆکارەکانی وەک تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکانی ڕژیم، ڕنو و سەرمابردوویی، چوونە سەرمین، کەوتنەخوارەوە لە شاخ و بەرزایی، کوژراون و برینداربوون. لەکۆی ئەم ژمارەیە بە گشتی ٤٤ کۆڵبەر کە دەبێتە (١٠%) کوژراون و ٤٠٠ کۆڵبەر کە دەبێتە (٩٠%) برینداربوون. لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ کوژران و برینداربوون، بەگشتی ٣٧٣ حاڵەت کە دەبێتە (٨٤%) بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەربازییەکان بووە.
هەروەها لە کۆی گشتی ٤٤٤ کۆڵبەری کە لە ساڵی ١٤٠٢ لە سنووری کوردستان کوژران و بریندار بوون، ٣٧ کەسیان منداڵی خوار تەمەن ١٨ ساڵن.
لە ساڵی ١٤٠٢دا ئێمە شایەتی بەرزبوونەوەی ٩٠٪ی کوژران و برینداربوونی کۆڵبەران لە سنوورەکانی کوردستان بووین.

کۆڵبەرنیوز

Next Post

▪️ پیرانشار؛ دۆزینەوەی تەرمی کۆڵبەرە وونبووەکە دوای دوو ڕۆژ لە بێسەروشوێن بوونی

پ مارس 28 , 2024
تەرمی “سەعید سلۆسی”، کۆڵبەری وونبووی خەڵکی شاری پیرانشار، دوای دوو ڕۆژ گەڕان و پشکنین دۆزرایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی کۆڵبەرنیوز، کۆڵبەرێکی خەڵکی شاری پیرانشار بە ناسنامەی “سەید سلوسی” ڕۆژی یەکشەممە ٥ی خاکەلێوەی ١٤٠٣، لە کاتی کۆڵبەریدا لە گروپەکەی دیکەی کۆڵبەران جیاببۆوە و بێسەروشوێن ببوو. دوای دوو ڕۆژ گەڕان بە هاوکاری هاووڵاتیان، دواجار […]

You May Like